News &Events‎ > ‎

لە سکوڵی پەروەردەی وەرزش لە ژێر ناونیشانی هەماهەنگی و چارەسەرکردنی دۆخی وەرزش کۆبونەوەیەک ئەنجام درا

posted Jan 6, 2016, 12:19 PM by Alan Salih
لەو ڕوانگەیەی سکوڵی پەروەردەی وەرزش تەنها دەستگایەک نیە بۆ پێگەیاندنی خوێندکار بەڵک و ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە کایەکانی وەرزش لەسەر ئاستی وەرزشی کوردستان بە گشتی وە شاری سلێمانی بە تایبەتی ڕاگرایەتی سکوڵی پەروەردەی وەرزش لە بەرواری (٥/ ١/ ٢٠١٦) کۆبونەوەیەکی سازکرد لەگەڵ ناوەندە سەرەکی و کاراکانی بەڕێوەبردن و کارگێڕانی وەرزش لە شاری سلێمانی کە پێکهاتبوو لە (نوێنەری نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵمپی کوردستان لقی سلێمانی- بەڕێوبەری چالاکی وەرزشی و دیدەوانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی- بەڕێوبەری بەڕوبەرایەتی وەرزش و لاوانی سلێمانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری- نوێنەری یانە وەرزشیەکانی  شاری سلێمانی هەروەها بەبەشداری سەرۆک بەشەکانی سکوڵ و ڕاگەیاندکاری دیاری وەرزشی شاری سلێمانی (هیوا مەلا قادر) کە هەردەم لە پرسە وەرزشیەکان ڕۆڵی بەرچاوی هەیە).

ئامانج لە سازدانی ئەم کۆبونەوەیە لە دوخاڵی بنەڕەتیدا خۆی دەبینیەوە ئەوانیش:

١-دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ هەماهەنگی وەرزشی لەنێوان لایەنە بەشداربووەکان و زانکۆی سلێمانی لەبەرەو پێشبردنی دۆخی وەرزش.

٢-ئەنجامدانی ۆرک شۆپێک لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی وەرزش و ئەوگرفت و ئاستەنگانەی هاتونەتە ڕێی وەرزش لە شاری سلێمانی.

لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا بەڕێز ڕاگری سکوڵ (د.علی قادر عثمان) بەخێرهاتنی لایەنە پەیوەندی دارەکانی کرد و سوپاسی کردن لەسەر ئەوهاریکاریە بەردەوامەی یانەو دەستەو چالاکیە وەرزشیەکان  کە پێشکەش زانکۆی سلێمانی بە گشتی وە سکوڵ بەتایبەتی دەکەن لە بوارەکانی ( ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی- دابینکردنی یاریگا- بانگهێشتکردنی مامۆستایانی سکوڵ وەک وانەبێژ لەخولی گەشەپێدانی ڕاهێناران و وەرزشکاران)، لەو ڕوانگەیەی سکوڵی پەروەردەی وەرزش بەردەوام ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پتەوکردنی ژێرخانی وەرزشی شاری سلێمانی و برەودان بە زانست و زانیاری لە نێو کۆمەڵگە  بەڕێزیان پێشنیازی کرد بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتی وەرزشی بە بەشداری یانەکان و زانکۆی سلێمانی  بۆ زیاتر بوژاندنەوەی چالاکی وەرزشی لە ئێستادا کە بە دۆخێکی نا هەمواردا تێپەڕدەبێت.

دواتر بەڕێزیان وەک ئەرکێکی سکوڵ کە بەردەوام ڕۆڵی بەرچاوی هەیە پێشنیازی کرد بە ئەنجامدانی ۆرک شۆپێک تیادا ئەو گرفت و ئاستەنگانەی ڕوبەڕوی وەرزش لە شاری سلێمانی بۆتەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆی لەسەر بکرێت و دواتر بە پێشنیارو تێبینیەکانی ۆرک شۆپەکە بتوانرێت دۆخی وەرزش لەم ئاستەی ئێستا بۆ ئاستێکی باشتر پەرە پێبدرێت.

پاشان ئەندامانی بەشداربوو هەریەکەو دەستخۆشی خۆیان ئاڕاستەی ڕاگرایەتی سکوڵ کرد بۆ ئەم بیرۆکە گرنگەی ڕاگری سکوڵ بە سازدانی کۆبونەوەیەکی لەم شێوەیە بۆ بەدواداچون و هەڵسەنگاندن و چارەسەرکردنی کێشەوگرفتەکانی وەرزش لەسەر ئاستی شاری سلێمانی، بەشداربووان توانیان بە تێبینی و سەرنجەکانیان کۆبونەوەکە دەوڵەمەند بکەن و چەندتەوەرێکی گرنگیان لەبارەی دۆخی وەرزش لە ئێستادا ووروژاند پاشان لە کۆتاییدا بەشداربووان پێشنیارەکانی ڕاگری سکوڵیان بە هەند وەرگرت و پەسەندیان کرد.

لەدەرەنجامی کۆبونەوەکە بەشداربووان ڕێک کەوتن بە سازدانی خول و چالاکی وەرزشی  و زیاتر ئەم چوار لایەنە هەماهەنگی یەکتر بکەن پاشان ئەو پێشنیارەی ڕاگری سکوڵ پەسەندکرا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ۆرک شۆپێک ئەنجام بدرێت وە بڕیار درا بۆ ئەم مەبەستە لە بەرواری (١٨/ ١/ ٢٠١٦) کۆبونەوە بۆ ڕێکخستن و دەستنیشانکردنی تەوەری گفتوگۆکردن لەۆرکشۆپەکە ئەنجام بدرێت.






Comments